پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکەی دوێنێی هەولێری راگەیاند

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە دوێنێ لە فولکەی بازەکە گەنجێکی کوشت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی حوزەیران،عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی خستە ڕوو و ڕای گەیاند"لە ڕۆژانی جەژندا لە هەولێر هیچ تاوانێک تۆمار نەکراوە، بەڵام دوای جەژن دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون کە بەناوی پۆلیس و ئاسایشەوە بە چەک چوونە سەر خەڵک و هەڕەشەیان لێکردوون و پاشان دانیان بە تاوانەکەیدان ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و لە داهاتوودا ڕێکاری یاسایی پێویست بەرانبەریان دەگیرێتە بەر".

لەبارەی چەکی بێ مۆڵەت عەبدولخالق تەلعەت وتی "بەردەوام ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و پلان و بەرنامەیەکمان دەست پێکردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا و دوای تەواوبوونی وردەکارییەکانی دەستبەکار دەبین بۆ کۆکردنەوەی چەکی بؤ مۆڵەت".

ئاماژەی بەوەش کرد:"هەروەک خۆتان دەبینن ڕێژەی ئەنجامدانی تاوان لە هەولێر زۆر کەم بووەتەوە، چونکە لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا هیچ تاوانێک لەم شارە ڕووی نەدا و ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە بۆ هەموو لایەکمان و هەموان ئاگادار دەکەینەوە کە شار ئارامە و هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرانبەر تاوانباران دەگرینە بەر".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی کوژرانی گەنجێکەکەی دوێنێ لە هەولێر وتی"دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بۆ دەستگیرکردنی دواجار تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کرد و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت."

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر لەنزیک چواڕیانی "باز" پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل ڕووی دا و، دواتر یەکێک لە شۆفێرەکان چەکی بەکار هێنا و تەقەی لە شۆفێرەکەی‌ تر کردووە و بەو هۆیەوەیە یەکێک لە شۆفێرەکان بەناوی "هیشام ئیسماعیل" تەمەن 34 ساڵ  گیانی لەدەست دا.



PM:01:03:12/06/2019