پەرلەمانی عێراق تاوتوێی بودجەی هەرێم دەکات

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و رادەستکردنی نەوی بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن هەرێمەوە سبەی دەبێتە بابەتی وتوێژی پەرلەمانی عێراق".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راگەیاند، لەدوای ئەوەی لەچەند ھەفتەی رابردوودا لیژنەکەمان بانگھێشتی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عیراقی کردو کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، ئێستا راپۆرتێک لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە ئامادە کراوەو ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراو چاوەڕوان دەکرێت، سبەینێ لەدانیشتنی پەرلەماندا بخوێنرێتەوە.

وتیشی:"بەشێکی زۆری راپۆرتەکە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت پرسەکانی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و رادەستنەکردنی نەوت بەکۆمپانیای سۆمۆ".

شیروان میرزا راگەیاندووە" راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی چەند راسپاردەیەکی کردوە لەوانە، دەبێت بودجەی ھەرێم وەکو ئەوەی لەیاسای بودجەی ٢٠١٩دا ھاتووە جێبەجێبکرێت، چونکە پەرلەمانتارە عەرەبەکان بۆچوونی دیکەیان ھەیە لەبارەی بڕگەی (ج) لەیاساکە."

ئەوەشی ئاشکراکرد، داوا دەکرێت کار لەسەر یاسای نەوت و غاز بکرێت و ئاماری موچەخۆرانی ھەرێم بنێردرێت بۆ بەغدا، ئەمە جگەلەوەی راسپاردەی ئەوە کراوە کە دەبێت ئەو پارەیەی بۆ ھەرێم رەوانەی دەکرێت راستەوخۆ بدرێت بەموچە نەک بۆ بواری تر خەرجبکرێت، ئەگەرنا ئەو لیژنەکە پێشنیازی رێکاری دیکە دەکات بۆ ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەران.

ئا/ سەلار مەجید



PM:08:19:12/06/2019