داوای ئاشکراکردنی رێککەوتنە نەوتیە نهێنییەکانی حکومەتی هەرێم دەکریت

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نامەیەکەدا بۆ سەرۆک وەزیران داوای ئاشکراکردنی گرێبەستە  نهێنییە نەوتیەکانی هەرێم و کۆمپانیاکان دەکرێت.

لەنامەیەکدا کە کۆپیەکی بۆ" سپی " نێردراوە، کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، دوێنێ (٢٠١٩/٦/١٢) بە کیتابێکی رەسمی داوای د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی کردووە کە لەپیناو دابینکردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی نیشتیمانیمان لەرێککەوتن و سەفەقاتی نهێنی، کە داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان) و نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک بکات کە ناوەرۆکی ژمارەیەک رێکەوتنی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان ئاشکرا ببکات.

ئەو پەرلەمانتارە بەپێی نامەکەی داوای ئاشکراکردنی " ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی تورکیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم کە بە (رێککەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە". 

هەروەها داوای ئاشکراکردنی " رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی کەرکوک (نەجمەدین کەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری کەرکوک لەساڵی (٢٠١٥)دا ئیمزاکرا". 

کاوە محەمەد ئەمڕۆش ١٣ ی حوزەیران لەفەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ناوەرۆکی ئەو هەنگاو و داواکاریانەی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن خستەڕوو.




PM:07:00:13/06/2019