" پارتی دوو روویی قبوڵ ناکات "

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمدا دوو رووی لەلایەنەکان قبوڵ ناکات و لەو بارەیەوە داوا لە گۆڕان دەکات روونکردنەوە لەسەر پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەکەیان بدات.

ئاراس حسۆ میرخان، لە پۆستێكدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ و نەوت لێكتێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ و به‌مزوانه‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم پێكدێت و هه‌ردو حكومه‌ت له‌ باره‌ی بودجه‌ و نەوت رێكده‌كه‌ون". 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیەكەی پارتی دەشڵێت،"ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ به‌ كرێگیراوانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ به‌غدا خه‌ریكی پیلان گێرانن جگه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری و ڕوڕه‌شی هیچیان بۆ نامێنێت، به‌شێكیان ده‌زانین بۆ وا ده‌كه‌ن به‌ڵام، گۆڕان كه‌ بریاره‌ له‌ حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم به‌شداربێت ده‌بێ به‌ ڕاشكاوانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی هۆشیار عه‌بدوڵای پاڕله‌مانتاریان بۆ پارتی، حكومه‌تی هه‌رێم و خەڵكی كوردستان رون بكه‌نه‌وه‌".

لەكۆتاییدا نوسیویشیەتی،"حكومه‌تی داهاتو دو ڕویی له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكات".

چەند ئەندام پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ناوبەناو لێدوان بە پێچەوانەی هەڵوێستی حیزبەکەیانەوە دەدەن کە بەشدارن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و، رەخنەی توند لە پارتی و کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم دەگرن.



AM:09:20:14/06/2019