سپی وردەکاری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بلآودەکاتەوە

ئەمڕۆ ١٥ ی حوزەیران مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە، بەلآم دوای کۆبوونەوەکە هیچ راگەیاندنێک بلآونەکرایەوە، سپی زانیاری لەسەر هۆکاری بلآونەکردنەوەی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.

سبەی یەک شەممە مەسرور بارزانی کاندیدی راسپێردراوی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت سەردانی سلێمانی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ بۆ دروستکردنی وەفدێکی پێشوازی لە مەسرور بارزانی و وەفدە هاورێکەی و یەکخستنی هەڵوێستی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە لە سلێمانی کۆبوونەوە، بەلآم بەهۆی جیاوازی بیروڕای ئەو حیزبەوە مەکتەبی سیاسی نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک تا راگەیاندنێک بلآوبکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەنێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوو ڕا هەیە، رایەک پێیوایە کە دەبێت یەکێتی پێ لەسەر ئەوە داگرێت کە پارتی رەزامەندی پێشانبدات لەسەر پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک، بێ جێبەجێکردنی ئەو داوایە هیچ هەنگاوێک نەنێت بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، رایەکی تریش هەیە کە نەرمی لەگەڵ پارتی بنوێنرێت لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگاری کەرکوک و دانانی پارێگارێکی یەکێتی، لەبەر ئەم ناکۆکیەش، مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ نەگەیشتە رایەکی هاوبەش و دەرکردنی راگەیاندنێک.

سبەی دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆکی نوێی هەرێمەوە، مەسرور بارزانی یەکەم سەردانی سیاسی خۆی بۆ سلێمانی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێ هەرێم و بڕیارە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکات. 

ئا/ سەلار مەجید

PM:08:53:15/06/2019