کادیرێکی پارتی رەخنەی توند لە حیزبەکەی دەگرێت


کاوێز مەلا پەروێز كادیری دیاری راگەیاندنی پارتی رەخنەی توند لەحزبەكەی دەگرێت كە لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا ئەو عەرەب و توركمانە توندڕەوانەیان بانگهێشت كردووە كە بە هەڵوێستەكانیان دژ بە گەلی كورد دەناسرێنەوە.
 
كاوێز مەلا پەروێز لە وتارێكدا كە بە ناوی "ئەخی و قەرداشە ئازیزەکان" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمه‌ڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، تیایدا هاتووە " "تازەترین دەرکەوتنی اخی حەدیدی لە میدیاکان، لێدوانی بوو کە رازی نین جارێکی تر پێشمەرگە بۆ کەرکووک بگەرێتەوە، دەزانم گەرانەوە و دەرکردنی نە بەدەستی ئەوی ئارەبە نە بەدەستی منی کوردە، هەر دوولامان مقاشی دەستی ئەو دەوڵەتانین کە بۆ بەرژەوەندییەکانیان هەڵماندەسورێنن".

ئەو کادیرەی پارتی دەشڵێت: "لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێم ئەخی ئیسماعیل وەک کەرکووکیەک مێوانی مووفەزڵ بوو، زۆر کەرکوکیش لەسەر پارتەکەی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) ئاوارە بوون، نەک بۆ ئەو مەراسیمە دەعوات نەکران، کە ئەوە گرنگیش نیە بەڵکوو بۆ دوو ساڵ دەچێ ئەم سەرکردانە کە ئیسمایل و ئەرشەدەکان دەعوات دەکەن رێک مامەلەی کوێلە بوون لەگەڵ ئەو جوامێرانە دەکەن کە تەنیا گوناه و تاوانیان ئەوە بوو پارتی بوون و لەسەر پارتی تێهەڵدران و ئاوارە بوون".

كاوێز مەلا پەروێز بەردەوام دەبێت لە رەخنەكانی پارتی و ئەوە دەخاتەڕوو كە لە هەولێر داڵدەی ئەو كەسانە دەدات كە دژایەتی كورد دەكەن و دەڵێت: ئەو ئیسماعیل حەدیدە "ماڵی لەو هەولێرەیە لە ژێر پاسەوانی پێشمەرگە و ئاسایش، شەوانیش لە چایخانە راقیەکانی هەولێر ئەوەی خەڵک پێی ئێژن رێستۆرانت و کافی رۆژ ئەکاتەوە، دووریش نیە ئەم سەرنج و رەخنەیەم لەو ئەخیە نیگەرانی بکات و بە پێشمەرگە هەولێرم پێ چۆڵبکات بۆیە تکایە ئەم نوسینە با تەنیا بەینی خۆمان بێ، چونکە شوێنێک نیە تازە بتوانم روویی تێ‌بکەم".

كادیرەكەی پارتی ئەوەش بەبیردەهێنێتەوە كە داڵدەدانی دژبەرانی كورد لە هەولێر لەلایەن پارتییەوە كاری یەكەمجاریان نییە و "لە كاتی رووداوەکانی خورماتووشدا قەرداشی ئازیزیان نیاز معمار ئۆغلۆ ماڵی کوردی داگیر و وێران دەکرد، کوردی دەکوشت لەم هەولێرە پاسەوانی لە ماڵەکەی دەکرا".

بە تەنزیشەوە دەنووسێت بەس تێنەگەیشتم چۆن لە بیرکراوە مەعمارئۆغڵو بۆ ئەو مەراسیمەی هەولێر بانگهێشت بکرێ و روونیشیدەكاتەوە كە بەردەوام "دەرگەی سەرکردەکانمان  (پارتی) بۆ ئەوان (عەرەب و توركمانەكانی دژبەری كورد) لەسەر گازەری پشتە".



AM:12:00:17/06/2019