هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕان نوسینێكی نەبینراوی نەوشیروان موستەفا بڵاودەكاتەوە

ھەڵسوراوێكی دیاری گۆڕان، نوسینێكی نەبینراوی نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاودەكاتەوە كە دەڵێت " سامانی سرووشتی، سەرزەوی و ژێرزەوی لە ھەرێمی كوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی خودی ھەرێمدا بێت".

مەجید ساڵح، ھەڵسووڕاوی دیاری گۆڕان و ڕاوێژكاری پەرلەمانی كوردستان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە كە ئایا نەوشیروان مستەفا رازی بووە بەوەی نەوت رادەستی بەغدا بكرێت؟ دەنوسێت نەوشیروان موستەفا "وەڵامێكی كورت و روونی پرسیارەكەی داوەتەوە و لە كۆمپیوتەرە كەسییەكەی خۆیدا نووسیویەتی".

مەجید ساڵح بۆچوونی نەوشیروان مستەفای لەم خاڵانەدا ڕوونكردۆتەوە:

یەكەم، سامانی سرووشتی، سەرزەوی و ژێرزەوی لە ھەرێمی كوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی خودی ھەرێمدا بێت.

دووەم، ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ھەبێ، بانك و كۆمپانیای بێگانە، بانگ بكا و ھانیان بدا بۆ كاركردن و سەرمایەگوزاری لە كوردستاندا.

سێیەم، ھەرێمی كوردستان ھەر گرێبەستێك بكا، پێویستە مەرجەكانی ھەردوولای گرێبەستەكە و ناوەڕۆكەكەی رون و ئاشكرا بێ.

چوارەم، داھاتەكەی بخرێتە سندووقێكی تایبەتییەوە، بە رەزامەندیی پارلەمان، تەنیا بۆ دوو مەبەست بە كار بھێنرێ كە ئەوانیش:

١- بونیادنانی ژێرخانی ئابووری.

٢- بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی دانیشتووان.

هەڵسووڕاوەكەی گۆڕان نووسیویەتی: ھەر گۆڕانخوازێك و پەرلەمانتارێكی گۆڕان پێچەوانەی ئەم وەڵامە لێدوان بدات، نەیاری ستراتیژی  و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕانە.



PM:12:18:17/06/2019