سەرۆکی پێشووی میسر کۆچی دوایی کرد

کەمێک پێش ئێستا محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر لەکاتی دادگایی کردندا کۆچی دوایی کرد.

تەلەڤزیۆنی فەرمی میسر بڵاویکردەوە،  محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر لە کاتی دادگاییکردنیدا لە هۆش خۆی چووە و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردووە. 

محەمەد مورسی لە ساڵی ١٩٥٨ لە پارێزگای شەرقیە لە دایک بووەو لە ساڵی ١٩٧٥ دا کۆلێژی ئەندازیاری لە قاھیرە تەواو کردووە و دواتریش بڕوانامەی ماستەری لە ھەمان زانکۆ بەدەستھێناوە و لە ساڵی ١٩٨٢بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی کالیفۆرنیا بەدەستھێناوە.

هەروەها  لەساڵی‌ ١٩٧٧ پەیوەندی‌ بەئیخوان موسلمینەوە کردووە‌ و لەساڵی‌ ١٩٩٥ پاڵێوراو دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر‌ و لەساڵی‌ ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ سەرۆکی‌ کوتلەی‌ ئیخوان بووە لە پەرلەمانی‌ میسر‌. لەسەردەمی‌ فەرمانڕەوایی‌ موبارەکیشدا بۆ چەندین جار زیندانی‌ کراوە، دواترینیشیان لەساڵی‌ ٢٠٠٦ بۆ ماوەی‌ حەوت مانگ بەندکراوە. لەساڵی‌ ٢٠١١دەبێتە ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ شورای‌ ئیخوان موسلمین‌ و سەرۆکی‌ پارتی‌ ئازادی‌‌ و دادپەروەری‌.

مورسی‌ کاندیدی‌ ئیخوان موسلمین دوای‌ خۆپاڵاتنی‌ بۆ پۆستی‌ سەرۆکایەتی‌ میسر توانی‌ بەسەر رکابەرەکەیدا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت ببێتە یەکەمین سەرۆکی‌ ھەڵبژێردراوی‌ ئیخوان‌ و وەک سەرۆکی‌ نوێ لەکۆشکی‌ سەرۆکایەتی‌ میسر دەستبەکار بێت. 



PM:07:32:17/06/2019