راسپاردەكانی عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە راگەیەندرا

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەرجەم ئەو راسپاردانەی ئاشکرا کرد کە عێڕاق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دایڕشتووە.
 
د.ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاندووە" دوای ئەوەی رۆژی 21ی 5ی 2019 لیژنەی دارایی بانگهێشتی وەزیری دارایی عیراقی كردو گفتوگۆ لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرا، لیژنەی دارایی لەڕاپۆرتی خۆیدا چەند راسپاردەیەكی دەركرد".

ئەو پەرلەمانتارە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە "ئەو راسپاردانە لەئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، پاشان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەكرێت بۆئەوەی جێبەجێبكرێت".

سەرجەم تەواوی راسپاردەكان بەم شێوەیەیە:

یەكەم: داوا لەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كراوە، چاودێری وەزارەتی دارایی بكات كە یاسای بودجە بەتایبەت مادەی (10) بەتەواوی جێبەجێ بكات، نەك بەشێوەیەكی جوزئی.

دووەم: داوا لەئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە كە لەسەر چ بنەمایەكی یاسایی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە كردووە.

سێیەم: داوا لەوەزارەتی نەوتی عیراق كراوە چاودێری فرۆشتنی نەوتی هەرێم بكات كە لەدەرەوەی كۆمپانیا سۆمۆ دەفرۆشرێت.

چوارەم: داوا لەحكومەتی هەرێم كراوە لیستی میلاكی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی رەوانەی بەغدا بكات.

پێنجەم: داوا لەهەرێمی كوردستان كراوە ئەو موچەیەی لەبەغداوە رەوانە دەكرێت بگات بەدەستی فەرمانبەران، ئەگەرنا ئەوان (كی كارت) بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكەن و لەڕێگەی بانكەوە موچەكەیان بۆ رەوانە دەكەن، چونكە پێیانوایە عیراق پێنج موچەی ناردووە، بەڵام هەرێم سێ موچەی دابەشكردووە، لەكاتێكدا هەرێم لەمانگی (11)ەوە ئەو موچەیەی دابەشكردووە، ئەوانیش دەڵێن دەبێت یاسای بودجە لە1ی 1ی 2019ەوە جێبەجێبكرێت.

شەشەم: داوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كراوە، پەلە بكات لەدەركردنی یاسای نەوت و غازی عیراق، بۆئەوەی كێشانە چارەسەر بكرێت.



PM:11:30:17/06/2019