بەرکەوتەیەکی ناسراوی چەکی کیمیاوی لە دۆخێکی تەندروستی و خێزانی خراپدایە

کامل عەبدولقادر کەسایەتی ناسراوی هەڵەبجەو یەکێک لە بەرکەوتووەکانی چەکی کیمیاوی کە ئێستا بۆ چارەسەر لە ئەڵمانیایە، لە دۆخێکی تەندروستی خراپ و دۆخێکی کۆمەڵایەتی و خێزانی دژواردایەو داوای یارمەتی بدەن.

کامل عەبدولکەریم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا نووسیوویەتی " لەبەر ئەوەی مەترسی زۆر هەیە لەسەر ژیانم لەڕووی تەندروستیەوە بەهۆی نەخۆشی لەکارکەوتنی سیەکانمەوە بەهۆی گازی خەردەلەوەو ئەگەر بگەڕێنرێمەوە بۆ عێراق ئەگەری مردنم هەیە ناچار ئەڵمانیا ڕازی بووە (مافی مانەوەی نەناردنەوە) م پێ بدات".

ئەو لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی" پزیشکە ئەڵمانیەکان لەبەر ئەوەی کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنم بەڕێ دەکەم و خۆری تەمەنم ڕوو لەئاوابوونە ڕازی بوون بەوەی نەشتەرگەری چاندنی سیەکانم بۆ ئەنجام بدەن؛ بەڵام چەند مەرجێکیان بۆ داناوم، دوو مەرجیان ناتوانم بەتەنها خۆم جێ بەجێی بکەم:

یەکەم : فێربوونی زمانی ئەڵمانی و٫ دووهەم : نەمانەوەمە لەکەمپداو نیشتەجێ بوونمە لەشوێنێکی تایبەتدا یاخود شوقەیەکی سەربەخۆدا بۆ ئەوەی لە کەسانی دیکەوە توشی نەخۆشی تری ڤایرۆسی و میکرۆبی نەبم لەحاڵەتێکدا کۆئەندامی بەرگری لەشم لاوازەو جەستەم توانای ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی دیکەی نەماوە".

کامیل عەبدولکەریم نووسیوویەتی "بۆ فێربوونی زمانی ئەڵمانی بەردەوام کۆشش دەکەم و پشتیوان بەخوا بەهاوکاری چەند دڵسۆزێک فێر دەبم؛ بەڵام بۆ دەرچوون لەم کەمپەدا زۆر پێویستم بە مناڵەکانمە کە لە بەرواری ۲۰۱۷/۱۱/۲۹ وە لێیان دابڕاوم و ناتوانم خۆم خزمەتی خۆم بکەم و بۆ هەموو شتێک پێویستم بەیەکێکە هاوکاریم بکات!لەئێستادا وێڕای باری تەندروستی زۆر خراپم بە هاوکاری هەندێک برای بەڕێز خۆم ژیانی ڕۆژانەی خۆم زۆر بەسەختی لەو کەمپەدا بەڕێ دەکەم !" .

ئەو بەرکەوتەیەکی چەکی کیماوی داوا دەکەن بەدەمیەوە بچن و دەڵێت "ئەگەر بەهانامەوە نەیەن ئەو دوو مەرجەی پزیشکەکان لەسەریان داناوم هەرگیز جێ بەجێ نابێت، لەبەر ئەوە داوا لەدەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکەم کە ڤیزا بۆ مناڵەکانم وەربگرن تاوەکو لەنزیکەوە چاودێریم بکەن و خزمەتم بکەن بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی سیەکان بۆم" .

هەروەها لە کۆتایدا نووسیوویەتی "لەحاڵەتێکدا نەشتەرگەریەکەم بۆ ئەنجام بدرێ و منداڵەکانم لام نەبن و خزمەتم نەکەن ڕەنجمان بەخەسار دەچێ و نەشتەرگەریەکە شکست دێنێ و مەترسی زۆر گەورەتر لەسەر ژیانم دروست دەبێت.هێشتا چاوەڕێم گوفتارەکانتان بکەن بە کردارو بەهانامەوە بێن پێش ئەوەی گیان لەدەست بدەم؛ چونکە پاش مردنم دروشم و شیوەنی کەستانم ناوێ ".

.



AM:12:13:18/06/2019