بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دانپێدانانی تۆمەتبارێكی بڵاوكردەوە كە لە گازینۆیەكی شاری بەغدا كەسێكی كوشتووە و دواتر هەڵاتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "رۆژی 30 ی 3 ی 2019، تۆمەتبارێك بەناوی (م، ع، ع) لەدایكبووی ساڵی 1997، لەگازینۆیەكی شاری بەغدا بەچەقۆ كەسێكی كوشتووە بەناوی (ع، ج) و دواتر تۆمەتبار ماوەیەك خۆی شاردووەتەوەو پاش ئەوە هەڵاتووە بۆ شاری سلێمانی، دواتر پۆلیسی شاری بەغداد داوای لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كرد كە تۆمەتبارەكە دەستگیر بكەنو رادەستیان بكەنەوە كە لەلایەن دادگاوە بەپێی ماددەی 406 داواكراو بووە".
راشیگەیاندووە "پاش كۆكردنەوەی زانیاری ورد، رۆژی 14 ی 6 ی 2019 لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەراوە توانرا تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت، دواتر دادوەر بڕیاریدا بەبەندكردنو ناردنەوەی بۆ شاری بەغدا".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "وەك لە دانپێدانانەكە باسی دەكات؛ تۆمەتبار هەستاوە بە كوشتنی كەسێك بە چەقۆو دوای ئەوە هەڵاتووە بۆ ماڵی مامی لە كازمیە، لەوێ بۆ ماوەی دوو مانگ و 15 رۆژ خۆی شاردۆتەوەو دواتر بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووەو لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیركراوە".