وتەبێژی یەکێتی: وتەکانی مەحمود سەنگاوی گوزارشت لە هەڵوێستی یەکێتی ناکات

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەبارەت بە وتەكانی مەحمود سەنگاوی کە هێرشی کردبووە سەر مەلا موستەفا بارزانی و مەسعود بارزانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

بەهەموولایەكی رادەگەیەنین، ئەو ووتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە،  گوزارشت لە هەڵوێست‌و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات.

 ئێمە سەرەرای رێزی تایبەتیمان بۆ كاك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی دۆستانەی مێژوویی كۆمان دەكاتەوە. ئێستایش بەپەرۆشەوە، پێكەوە  هەنگاو بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دەنێین ‌و هەر دوێنێش لەمیانی كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەردوولاماندا، جەخت لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام و هێورو دۆستانە كرایەوە، تا بتوانین پێكەوە بە یەكگرتووی رووبەرووی مەترسیەكان ببینەوەو، پەلە بكەین لە تەواوكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی نێوانماندا.

دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە، كە تەنها لێدوان‌و ووتەكانی ووتەبێژی رەسمی یەكێتی گوزارشت لە ڕاو بۆچوون‌و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات.

لەگەڵ رێزدا...

وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2019



PM:06:51:18/06/2019