هۆشیار عەبدوڵا ڕەخنەی توند لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێت

دوای ئەوەی ئەمرۆ بزوتنەوەی گۆران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، هۆشیار عەبدوڵا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! كە گۆڕان بە رونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەلێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات.

لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی راگەیەندراوەكەی گۆڕان هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغدا ئاشكرایكردوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداكردوە.


ئەمەی خوارەوە دەقی رونكردنەوەكەیە؛

رونكردنەوەیەك لە (هۆشیار عەبدوڵا) ەوە .

بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداكردوە.

نەوت ؛ سامانێكی سروشتی و موڵكی خەڵكی كوردستانە. دەبێ داهاتەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان بێت،هەر داكۆكیەك لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی بەندەدا تاوانێكی نیشیمانیی گەورەیە.

هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داكۆكی لە مافی دەستوری هەرێم دەكەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبكرێت.

ئێمە جگە لەوەی كە داوامانكردوە كێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بكرێ و دوربگیرێ لە رێكەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێكی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاكانی نەوت بۆ ؟!

ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاكانی نەوت دەوەستنەوە خەریكی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵكو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەكەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەكاندا،چونكە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریكەی هەرێمدا هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەكڵاوەكەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایكبو بۆ ئەوەی كۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە.

لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەكەمەوە كە رونكردنەوەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاكانەكردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر كەسێك لە هەر ئاستێكی بزوتنەوەكەدا نوسیبێتی.

چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! كە گۆڕان بە رونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەلێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات و هیچ ئاماژیەك بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات كە بە نەوت و داهاتەكەیەوە دژی خەڵكی كوردستان كراو و دەكرێت .

هەركەسێك بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەكەی،ئامانجەكانی،میدیاكەی دەزانێت كە ئەوەی ئێمە دەیكەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەك لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.

لەگەڵ رێزدا
۱۹ی حوزەیرانی ۲٠۱۹


PM:06:20:19/06/2019