پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی عادل عەبدولمەدی کۆدەبێتەوە

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بدات.

کاتژمێر 11ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیران، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارەی 25ـی ئاسایی خۆی، ساز دەکات.

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و دەنگدان بە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە کاتێکدایە ھێشتا لە نێو شیعەکان و نە لە نێو کورد و سوننەکاندا کاندیدەکان بە فەرمی دیارینەکراون ناکۆکی نێوانیان بەردەوامە.

بەپێی کارنامەکە، کۆبوونەوەکە 11 تەوەر لەخۆ دەگرێت، کە تەوەری یەکەمیان پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدییە.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە:

- تەواوکردنی دەنگدان لەسەر پێکهاتەی وزاریی حکوومەت.

- دەنگدان لەسەر پلە تایبەتەکان و کۆتاییهێنان بە ئیدارەی وڵات بە وەکالەت.

- پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستی خزمەت و جبایە و گرێبەستەکانی هەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان.

- دەنگدان بە رێنماییکردنی یەکخستنی رێپێدانە ئەمنییەکان.

- دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری شەشەمی یاسای جێبەجێکردن.

- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتن و هاریکاریی سەربازیی و ئەمنیی عێراق و ئوردن.

- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای چوونە پاڵی عێراق بۆ دادگای تایبەتی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای.

- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای خاوەن کارە پزیشکی و تەندروستییەکان.

- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق.

- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای چاندنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و رێگریکردن لە بازرگانی پێوەکردنی.

- 15 خولەک گفتوگۆی گشتی.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.

بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.






AM:09:50:22/06/2019