ڕێبوار تاڵەبانی: وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی دەچنە بەغدا

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە دەرەوەی شارەكە كۆدەبێتەوە و كۆبوونەوەكەش تایبەت نابێت بە پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك.

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە "سپی" ڕاگەیاند "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كە بە بڕیاری فەرمی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراقە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت".

ڕێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە بودجەی تەرخانكراو بۆ پارێزگاكە و ڕێكخستنەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەكان.

بودجەی تەرخانكراوی ئەمساڵی پارێزگای كەركوك 322 ملیار دینارە و لە ڕابردوودا گازندەی زۆر لەسەر شێوازی خەرجكردنی ئەو بودجەیە هەبووە.

هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە خۆی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە دەكات لە بەغدا دڵنیایی نەدا لەوەی كۆبوونەوەكان بەردەوامیان دەبێت یان نا وتی "بەردەوامی كۆبوونەوەكان و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دەوەستێتە سەر بڕیاری یەكێتی و پارتی لەوبارەیەوە".

وتیشی "دوای پێكهێنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەوباریەوە".





PM:02:34:23/06/2019