ئومێد خۆشناو: بنكەی جەماوەریی پارتی پێیان خۆش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە حكومەتی بكات

ئومێد خۆشناو، ڕایگەیاند بنكەی جەماوەریی پارتی پێیان خۆش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە حكومەتی بكات، دەشڵێت پێش پشووی ھاوینە، پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان  كە هاوكات ئەندامی شاندی باڵای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە میدیای فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاندووە "ئەو ھێزانەی كە بڕیاریان دا بێنە ناو حكوومەتەوە، گفتوگۆ لەگەڵیاندا كۆتایی پێھاتووە، چونكە ھەموو ڕێككەوتنەكان تەواو بوون و ئێستا سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو چاوەڕوانی ناوی كاندیدی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی پێشكەش بە پەرلەمانی بكات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕۆژی كۆبوونەوە دیاری دەكات و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت."

خۆشناو وتیشی "ھەر لایەنێك كاندیدی خۆی پێشكەش نەكات لە كاتی دیاریكراودا، ئەوا پڕۆسەكەی بۆ دواناخرێ و لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، سەردانەكانیش تەواو كۆتاییان پێ ھاتووە و چاوەڕوانی وەرگرتنی سیڤییەكانیانین پێش چوونە نێو پشووی ھاوینەی پەرلەمانی كورستان، چونكە بەر لەو وادەیە، پەرلەمان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت و ھیچ ڕێگرییەك لە پێش پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نییە."

بە وتەی ئەو، سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، تا ئێستا لە بەرنامەدا نەبووە ھیچ گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت، "وەك خۆم ھیچ بابەتێكم لە سەركردایەتیی پارتی نەزانیوە كە پێیان خۆش بێت یان ناخۆش بێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بێت، بەڵام بنكەی جەماوەریی پارتی و ئەندامان و دەنگدەران، پێیان خۆش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات."





PM:04:16:23/06/2019