بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بکوژی "دلین" دەرکرا

دادگای دهۆک بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بکوژی ‌کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکەی دهۆک " دلین وەلید" دەرکرد.

ئەمرۆ سێشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩، دانیشتنی تایبەت بە کوشتنی دلین لە دادگای دهۆک بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند.

لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاریدا تۆمەتباری سەرەکی روداوەکەی کەیسی دلین وەلید-ی تەمەن ١٠ساڵان کە سەرەتای ئەم مانگە لە سەنتەرى شارى دهۆک ون بوو و، لە دوای سێ رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە بە لە سێدارەدان سزا بدات.

پێشتر لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دھۆک رایگەیاندبوو، "لە دوەم رۆژی جەژن دلین لەگەڵ برایەکی و ئامۆزایەکی لە جەژن و گەڕان بون لە گەڕەکی خۆیان و سەردانی ماڵی کەسوکارو دراوسێکانیان کردوە، دوای ماوەیەک دیار نامێنێت و نەگەڕاوەتە ماڵەوە، سەعات 1:00ی شەو کەسوکارەکەی دوای بێهیوا بون لە گەڕانەوەی، پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەن و ئاگاداریان دەکەنەوە لە دیارنەمانی منداڵەکەیان".
بەڕێوەبەری پۆلیسی دھۆک ئاماژەی بەوەشکردبو، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێکردوە و رۆژی دواتر چەند کەسێک بە گومانی روداوەکە دەستگیر کران، تا دواجار هەشتی ئەم مانگە تەرمەکەی دلین له‌ چه‌می خواره‌وەی یاریگای یانه‌ی دهۆك به‌ كوژراوی دۆزرایەوە.


 



PM:12:28:25/06/2019