محەمەدی حاجی مەحمود: كەركوك بەنسبەت كوردەوە كۆتاییهاتووە

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یەكێتی و پارتی ڕێكنەكەون ئەگەری هەیە نەك دوو ئیدارەیی بەڵكو ئەوەی هەیە لەدەست بدرێت و دەشڵێت "كەركوك بەنسبەت كوردەوە كۆتاییهاتووە".

لە دیدارێكدا لەگەڵ "دەنگی ئەمریكا" محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت "ئەگەر هەموو لایەك بە خەم كەركوكەوە بونایە كەركوك بەم شێوەیەی ئێستای بەسەر نەدەهات، بۆیە من پێم وایە لەسەر كەركوك و ئەو شتانە ڕەنگە شتەكان تێكەڵ بكرێت، ئەگەرنا من پێم وانیە پارێزگارێك ئەوەندە گرنگ بێت كە وەزعی وڵاتێك یا هەرێمی كوردستانی لەسەر بوەستێت جا لەهەر لایەكیان بێت."

جەختیشدەكاتەوە، "كەركوك ئێستا لەدەستی كورد نییە، هەتا ئەگەر سبەی پارێزگارێك یا دوو پارێزگاری كورد-یشی بۆ دابنێن كە مەلەفی ئەمنی لەدەستی كورد نەبێت هیچمان پێناكرێت، پێم وانیە هێزێكی سەربازی عیراقی بێت گوێرایەڵی پارێزگارێكی كورد بێت لەكەركوك،  جارێكی تریش ناگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ژێر دەستی كورد-یش، كەركوك كۆتایی هاتووە".

ڕەتیشیدەكاتەوە، پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك و دەڵێـت "كورد دەبێت جارێكی تر بە دوربین لە قەرەهەنجیر و بەرزاییەكانی پشت دوبزەوە سەیری ئەو ڕووداوانە بكات".

محەمەد حاجی مەحمود ئاشكراشیدەكات، " ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لە 70%ی كێشەكان چارەسەر دەكات، بەڵام ڕێكنەكەوتنیان لە 70%ی كێشەكان زیاد دەكات چونكە هەردولایان هێزیان هەیە، ئێستا دەنگێكی ناسازیش هەیە لەكوردستان كە باس لە دوو ئیدارەیی دەكەن ئەگەر ئەوە ڕوبدات نەك دوو ئیدارەیی بەڵكو كورد ئەوەشی هەیەتی لەدەستی دەدات و ڕەنگە كوردستان توشی كارەسات و ناخۆشی ببێت".



PM:02:20:25/06/2019