بەڵگە...ڕاوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەستیلەکارکێشایەوە

ڕاوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەستیلەکارکێشایەوە و "سپی" دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاودەکاتەوە.

سمکۆ ئەسعەد، ڕاوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نامەیەکدا کە تایبەت دەست "سپی" کەوتووە و ئاڕاستەی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی کردووە ڕایگەیاندووە "لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قارەمانانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم نامەیەم دەستلەکارکێشانەوەم لە ئەندامێتی یەکێتی بە بەڕێزتان ڕادەگەیەنم".

هاوکات "سپی" پەیوەندی کرد بە ناوبراوەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و جەختیکردەوە دەستیلەکارکێشاوەتەوە بەبێ ئەوەی ووردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

سمکۆ ئەسعەد لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک بوو لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ وەزیری دادی عێراق، بەڵام دوێنێ لەپەرلەمانی عێراقەوە و بە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی فارووق ئەمین شوانی کە کەرکوکیە بە وەزیری داد هەڵبژێردرا.

سمکۆ ئەسعەد، لەدایکبووی ساڵی 1969ـە لە سلێمانی، بەکالۆریۆسی لەبواری یاسا هەیە لە زانکۆی سلێمانی، لە وڵاتی ئیمارات ماستەری لەبواری یاسا بەدەستهێناوە لە ساڵی 2015 دوا پۆستی لەناو حزبەکەی راوێژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو.



PM:06:18:25/06/2019