سپی نهێنی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو تورکیا ئاشکرا دەکات

نێچیرڤان بارزانی رۆژی ٢٠ سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە، بۆ رۆژی دواتر سەردانی ئیستانبوڵی کردو لەگەڵ تەیب ئۆردوغان کۆبوووەوە، سەردانەکەی بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە پرسی نەوتەوە هەبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سپی کە لەچەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەستی کەوتووە، سەردانەکەی نیچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو کۆبوونەوەی لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدی تایبەت بووە بە پرسی نەوت، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هەرێم بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە کە هەرێم ئامادەیە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لەرێگای سۆمۆ تاکە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراقە بفرۆشرێت و داهاتەکەی بچێتەوە سەر بودجەی گشتی عێراق. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە بەغدا بەپێی یاسایی بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق، مانگانە بڕی ٧٨٠ ملیار دینار رادەستی هەرێم بکات.

دەربارەی ئەو داوایەی لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی حەیدەر عەبادی لەسەر هەرێم و تورکیا لە سەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە دادگایەکی نێو دەوڵەتی لە فەرەنسا تۆمارکراوە، بەپێی زانیاریەکانی سپی، نێچیرڤان بارزانی بەلێنی کشانەوەی ئەو داوایەی لە عادل عەبدولمەهدی وەرگرتووە.
دیووێکی تری سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو بەڵێنی رادەستکردنی نەوتی هەرێم مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیەو بۆ رزگارکردنی د. عادل عەبدولمەهدیە لەو فشارە سیاسیانەی کە لەلایەن کوتلە گەورە شیعیەکانەوە لەسەریەتی لەسەر پرسی نەوتی هەرێم و ناردنی بوودجە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، سەردانی رۆژی ٢١ی حوزەیران نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیاو کۆبوونەوەی لەگەڵ تەیب ئۆردوغان سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەمەبەستی پێدانی زانیاری لەسەر ئەو هەنگاوانە بووە کە هەرێم دەیەوێت لەگەڵ بەغدا بیهاوێژێت لە پرسی نەوتدا، هەروەها دڵنیاکردنەوەی تورکیا کە هەرێم پابەندە بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەمە  جگە لەوەی نیچیرڤان بارزانی ئردوغانی دڵنیاکردۆتەوە کە بەغدا داوا یاسایەکەی لەسەر تورکیاو هەرێم پاشەکشە پێدەکات.

سپی زانیوویەتی تێکڕای ئەم هەنگاوانەی ئێستا سەرۆکی هەرێم بە ئاراستەی بەغداو تورکیا دەیهاوێژێت، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمەوەیە، کە لە ئێستادا بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە ٦٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە، بەپێی ئەو زانیاریانە ئەگەر هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیلیش رادەستی بەغدا بکات، هێشتا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم و فرۆشتنی بڕەکەی تری بەسەربەخۆ لە رێگای تورکیاوە بۆ پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان.

وەک سپی زانیوویەتی و بەرپرسانی هەرێمیش لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیان بۆ دەکرد، لە رۆژانی داهاتوودا وەفدی تەکنیکی نێوان هەرێم و بەغدا کۆدەبنەوە بە ئامانجی گەیشتنی تەواو بە رێککەوتن و رادەستکردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بە بەغداو پابەندبوونی بەغداش بە بڕگەکانی یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە هەرێم.    



PM:11:44:25/06/2019