" ئەگەری رێککەوتنی یەکێتی و پارتی هەیە "

ئەمڕۆ ٢٦ ی حوزەیران مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆدەبنەوەو پێشبینی دەکرێت هەردوولا لەسەر پرسی کەرکوک و پێکهێنانی کابینەی نوێ " تەوافوق "بکەن.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە سپی راگەیاند" ئەگەر زۆرە دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بەبەشداری پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی بە کاندیدی یەکێتی بۆ وەزیری داد، هەردوولا لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کەرکوکیش رێکبکەون".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دوای رێککەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر پرسی وەزیری دادی عێراق، دەرگایەک بەڕووی پرسی کەرکوک و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێدا کراوەتەوەو، ئەگەر زۆرە ئەمڕۆ لە هەولێر مەکتەبی سیاسی هەردوولا بگەنە جۆرە رێککەوتن و تەوافقێک.

لەکاتی نەگەیشتنی هەردوولا بەرێککەوتن، پارتی مکوڕە لەسەر ئەوەی کە تاکۆتایی ئەم مانگانە کابینە نوێکە بەرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، هەرچی پۆستەکانی یەکێتیشە بەبەتاڵی جێدەهێڵرێت، تا لە کاتێکی ئایندەدا رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
 
 رۆژی ٢٨ ی ئایار بە بەبێ بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێم بەکۆی ٦٨ دەنگ هەڵبژێردرا، بەلآم لە ١٠ ی حوزەیران لە کاتی سوێندخواردنی ناوبراو وەفدێکی یەکێتی و بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنەکەیان کرد، رۆژی ٢٤ ی حوزیرانیش پەرلەمانی عێراق بەدەنگی یەکێتی و پارتی وەزیری دادیان هەڵبژارد کە ماوەیەکی زۆر ئەو دوو حیزبە ناکۆک بوون لەسەری.

AM:11:40:26/06/2019