قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایدەکات، كۆبونەوەكانی تایبەت بە پاراستنی گەڕەك و خانووە كەلەپورییەكانی سلێمانی بەردەوامن و ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاردرا كە چیتر ڕێگە بە ڕوخاندنی ئەو خانووانە نادرێت.
ئەمڕۆ 26ی حوزەیران لە ڕاگەیەندراوێكدا قائیمقامیەتی سلێمانیڕایگەیاند" لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبونەوەیەكدا بەشداری نوێنەرانی شارەوانی سلێمانی و شوێنەوار و زانكۆی سلێمانی و لیژنەی پاراستنی كەلەپور و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام درا".
ئەوەشخراوەتەڕوو، بابەتی كۆبونەوەكە دروستكردنی هەماهەنگی زیاتری نێوان فەرمانگەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بوو بۆئەوەی میكانیزمی پێویست بگیرێتە بەر و چیتر رێگە نەدرێت گەڕەكە كۆنەكانی سەنتەری شاری سلێمانی تێكبدرێن و سیمایان بشێوێنرێت و لە ناوچەی نیشتەجێبونەوە بكرێن بە ناوچەی بازرگانی.
هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە. پاراستنی ناوچە كەلەپورییەكانی سلێمانی ئەركی هەموولایەكە و شێواندنیشیان زیان بە مێژوو و كەلەپوری شارەكەمان و ناوچەكە دەگەیەنێت، بۆیە رێگە نادەین چیتر سیما و شێوازی ئەو گەڕەك و خانووانە تێكبدرێن.
ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیار درا بە نوسراوی رەسمی داوا لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بكرێت تەواوی رێنماییەكانی تایبەت بە سەنتەری شار و نەخشەیەكی وردی ئەو گەڕەكانە بخاتە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆئەوەی كاری لەسەر بكرێت، یان بەپێی پێویست هەموار بكرێنەوە.