بەرهەم ساڵح: دەستبەرداربوون لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كارەساتە بۆ وڵاتانی دراوسێ

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "سی ئێن ئێن" ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی و مەترسیە و دەڵێت "كارەسات بۆ ناوچەكە دەهێنێت".

لەو چاوپێكەوتنەدا سەرۆك كۆماری عێراق باسی لە گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا كرد و رایگەیاند نایانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپان بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك و لە نێویشیاندا ئێران.

جەختیشدەكاتەوە كە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حكومەت و تەنیا بۆ جەنگی دژی داعش لە عێراقدان و ناشیانەوێت عێراق بۆ هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك بەكاربهێندرێت و لەو ڕووەشەوە ئاماژەی بە ڕێككەوتنێك كردووە لە نێوان وڵاتی عێراق و ئەمریكا.

بەرهەم ساڵح تەئكید لەسەر ڕێگەچارەی دانوستان دەكاتەوە و دەڵێت "لە رێی گفتوگۆوە ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن كە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی نێوان تاران و رۆژئاوادا ئیمزاكراوە".

دەشڵێت "هەندێك گرفت و كێشە هەیە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەدا كە پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆیە، بەڵام جێگرەوەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە كارەساتاوی دەبێت نەك تەنیا لەسەر ئێران یاخود عێراق، بەڵكو لەسەر تەواوی وڵاتانی دراوسێش".

سەرۆك كۆماری عێراق پێشیوایە نابێت پەنا ببرێتە  بەر رێگەی سەربازیی بۆ چارەسەرەكردنی كێشەكانی ئەمریكا و ئێران، دەشڵێت "دەستپێكردنی جەنگ ئاسانە، بەڵام زۆر زەحمەتە بتوانرێت كۆتایی پێ بهێنرێت".

ئه‌م بابه‌ته ‌680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:15:26/06/2019