وەزیری شەهیدان: موچەی شەهید و زیندانیانی سیاسی هاوتا دەكرێت

هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا تاوتوێی پرسی هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازی شەهید و زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكەن و وەزیری شەهیدانیش لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوە دەدات.

مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شاندی وەزارەت و دەزگای شەهید و زیندانیانی سیاسی عێراق لە یادی هەڵەبجە سەردانیان كردین و ئێمەش چووینە بەغدا و هەردوولا چەندین كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و وتیشی "گەیشتوونەتە ئەوەی، مەبدەئی ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام گرفت هەیە لە رووی یاساییەوە. بە تایبەتی یاسایی شەهیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق. لیژنەی هاوبەش پێكهێنراوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایانە وەك یەكی لێبكرێت. كار بۆ ئەوە دەكرێت، ماف و ئیمتیازی شەهیدان وەك ئەوانی لێبكرێت، چونكە هی ئەوان زیاترە. لیژنەكان خەریكی كارەكانن".

لە بارەی زیندانیانی سیاسی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "لە مانگی رابردوودا نووسراو كراوەتەوە بۆ دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق و ئەوان رەزامەندیان داوە و نووسراویان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مووچە و ئیمتیازی زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان وەك عێراقی لێ بكرێت. هیچ نووسراو و شتێك نەماوە، وەك وەزارەت و حكوومەت هەموومان ناردووە بۆ بەغدا و دوا بڕیار لای سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە. بۆ ئەوەی بڕیار بدات مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان هاوتای عێراق بكرێت و بخرێنە سەر بەغدا و وەزارەتی دارایی بودجەكەیان خەرج بكات یان بخرێتە سەر بودجەی سیادی".

لە بارەی كرێی خوێندن و دەرماڵەی رۆڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، مەحموود حاجی ساڵح وتی "ساڵانە 17 ملیار دینار بۆ كرێی خوێندنی رۆڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی خەرج دەكەین. بڕیار دراوە كرێی خوێندن و دەرماڵەی خوێندنی رۆڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی خەرج بكرێت. لەم ماوەیەدا دابەش دەكرێت بەسەر ئەو شوێنانەی لێی دەخوێنن".


PM:02:57:26/06/2019