نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بڵاودەكرێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/6 نوێترین كتێبی بەختیار عەلی بەناوی «ئایدۆلۆژیست» بڵاودەكرێتەوە.

كتێبی «ئایدۆلۆژیست» لەلایەن نووسەر خۆیەوە چاپكراوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند كاری دابەشكردنی بۆ دەكات و لە كتێبخانە و كتێبفرۆشییەكانی ھەرێمی كوردستان دەستدەكەوێت.

ئەم كتێبە هەوڵێكە بۆ خوێندنەوەی سروشتی ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەییانەی كە دوای هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتدا دەست پێدەكەن. دوای ئەو هەرەسە، بەریەككەوتنی توندی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامی، ئیدی بەریەككەوتنێكی ئاسایی نییە، دووبارەبوونەوەیەكی سادەی جەنگە مێژووییە دێرینەكان نییە،  بەڵكو گۆڕانكارییەكی ڕادیكالە كە خۆرهەڵات لەگەڵ پرسی دواكەوتن و لە جێمانی شارستانی خۆیدا ڕووبەڕوو دەكاتەوە. لەو ساتەدا كە دوا ئیمپراتۆرییەتی دینی كۆتایی دێت، ئەم هەرەسە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕینیسانسێكی زانستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕینیسانسێك كە هیچ كات نە دەست پێدەكات و نە بناغەی سەرەتایی بۆ دروستدەبێت. لە ساتێكدا كە عەقڵییەتی زانستی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی عەقڵییەتی غەیبانی دێرین، بۆشاییەكی قووڵ دەخولقێت، بۆشایی نەمانی مەرجەعێك تاكەكان وەك سەرچاوەی خودسازیی سەیریبكەن. تەنیا ئایدۆلۆژیا دەتوانێت دەمی ئەو دەلاقەیە دابخات و چاڵی قووڵی ئەو بۆشاییە  پڕبكاتەوە. بەڵام ئایدۆلۆژیا دەستكردی بكەرێكی ئینسانییە، دەستكردی جۆرێك سوبێكتە كە لە ناو ئایدۆلۆژیا و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا خۆیدا دروستدەبێت، ئەو بكەرە كەس نییە جگە لە فیگەرێكی مێژوویی كە نوسەر بە «ئایدۆلۆژیست» ناویدەبات، فیگەرێك تارماییەكەی  بەسەر تەواوی سەدەی بیستدا باڵدەكێشێت و عەقڵییەت و مۆراڵی دەبێتە بناغەی ئەو عەقڵییەت و مۆراڵەی ئەمڕۆ ئێمە لە ناویدا دەژین.

ئەم كتێبە هەوڵێكی نزیكبوونەوەیە لە ڕیشە دێرینەكانی ئێستا، لە پشكنینی ئەو هۆیانەی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبوون و مانەوەی دڕندەیی سیاسی و دواكەوتنی مەعریفی ئێمەوەن، بەخوێندنەوەی هۆكانی سەرهەڵدان و میكانیزمەكانی ئیشكردنی ئەو بكەرە نادیار و ترسناكەی لە ژێر زۆر  دەمامكدا خۆی شاردۆتەوە: "ئایدۆلۆژیست".

ئەمەی خوارەوە پیڕستی كتێبەكەیە كە لە ئەمڕۆوە لە كتێبخانەكاندا لەبەردەستی خوێنەراندا دەبێت:

سەرەتایەك دەربارەی‌ ئایدۆلۆژیا...
بەریەككەوتن ـ درزێك لە موتڵەقدا...
نیگایەك لەو پێشمەرجانەی زەمینەیان بۆ دەركەوتنی ئایدۆلۆژیست سازكرد...
ڕزگاركەر بەبێ ڕزگاریی...
میسیانیزم، مەهدیگەرایی، ڕزگاركەری نوێ...
ئەویدی و نمایشی مێژوویی...
ئایدۆلۆژیست كێیە و لە كوێوە دێت؟...
پرەنسیپی مانەوە دژ بە پرەنسیپی ڕۆشنگەریی...
شیعریی كوردی و پۆلیسەكەی ئالتۆسێر...
جەستەی یەكەم ـ جەستەی دووەم...
ئایدۆلۆژیست: دەنگێك و نیگایەك بەبێ جەستە...
ئایدۆلۆژیا ـ نەست ـ خۆرئاوا...
ئایدۆلۆژیست و زمان...
گواستنەوەی بانگهێشت لە شیعرەوە بۆ سیاسەت...
ئایدۆلۆژیا و دەمامكسازی...



AM:09:05:27/06/2019