داوا لەبەغدا دەکرێت سنورێک بۆ بۆردومانی تورکیا لەسەر هەرێم دابنرێت


ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیستی گۆڕان داوا لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ راگرتنی پێشێلكاری و بۆردومانەكانی توركیا.

كاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێكدا کە دانەیەکی  بۆ سپی ناردووە، تیایدا هاتووە" ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆ سەر ناوچەكانی نیشتەجێبون لەناوچە سنورییەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر، چوار هاوڵاتی شەهید بون و پێنجی دیكەش برینداربون كە هەمویان هاوڵاتی بێ چەك و لە دانیشتوانی ناوچەكەن."

كاوە محەمەد لەگەڵ  مەحکومکردنی پێشێلكردنی بەردەوامی سەروەری عێراق و ئەو بۆردومانە هەڕەمەكیانە بۆ سەر چەند ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ بەرەنگارییەكی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێم، جەختی كردەوە كە پێویستە ئەو دەستوەردانانەی حكومەتی توركیا كە رۆژانە دەیانكاتە سەر خاكی عێراق رابگیرێن.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران داواش لەحكومەتی ئیتیحادی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تایبەت سێ سەرۆكایەتییەكە دەكات، هەڵوێستی جددی و توندیان هەبێت بەرامبەر بە بۆردومانكردنی گوندو ناوچە سنورییەكانی كوردستانی عێراق و بەرگری لەو هاوڵاتییە بێ چەكانە بكەن كە شایستەی ژیانێكی ئارام و شكۆمەندانەن نەك ئەوەی رۆژانە لەژێر رەحمی ئاگردا بژین.

هەروەك داواشی لە نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی داكۆكیكاری لەمافەكانی مرۆڤ كردوە كە رۆڵیان هەبێت لە راگرتنی هێرشە چەندبارەكانی فڕۆكەكانی توركیاو دانانی سنورێك بۆ شەهیدكردن و ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.

ئەمشەو چوار هاوڵاتی شەهید وپێنج بریندارو دوێنێش هاوڵاتیەک شەهید و هاوڵاتییەکی تر لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم روویداوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی هەرێم بێدەنگە. 



PM:10:50:27/06/2019