عێراق گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵدەکات

تادێت هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردیەکان توندتردەبێت و مەترسی لەسەر چۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە سنوریەکان دەدرێت.

لەوبارەیەوە سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان،محەمەدی حاجی مەحمود لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "عێراق ڕێگەی بۆ تورکیا خۆشکردوە کە لەسەر خاکی کوردستان تورکیا هێرشەکانی خۆی دژی پەکەکە ئەنجامبدات".

وتیشی" بە پێویستی دەزانین کەڕێگری لە دروستبونی گروپ و تاقمی لەوشێوەیە بکرێت کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستەش عێراق گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵدەکات.

لەبارەی دروستکردنی ئەو هێزەی پەکەکە محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، دروستكردنی گرووپێك لەلایەن  پارتی کرێکارانی کوردستان  "پەكەكەوە" بەناوی پاراستنی باشووری كوردستان بۆ تێكدانی دۆخی ھەرێمی كوردستانە.

سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست ئاشکراشیکرد، ئەگەر ئەو گرووپە ھێندە قارەمانن، با بچن كەركووك ئازاد بكەن، بۆ ئەمە خەڵکیش هاوکاریان دەکات.

ناوبراو لە بارەی چۆڵکردنی ناوچە سنوریەکانەوە وتی" چەندان گوندی سنووری قەندیل بەھۆی بوونی پەكەكە و ‌هێرشەکانی تورکیاوە چۆڵكراون، و ئەوانەش كە لەو سنوورە دەژین بەردەوام باج و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت".


PM:01:49:29/06/2019