لەسەر ئێران، ئەمەریکا و رووسیا رێککەوتن

رووسیا رایگەیاند لەگەڵ ئەمەریکادا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کێشەی ئەتۆمی ئێران و هێرشکردنە سەر کەشتیەکانی لە کەنداو لە رێگای گفتگۆوە چارەسەر بکرێت.

ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی بڵاویكردۆتەوە، (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە" سەرۆك كۆمارەكانی ڕووسیاو ئەمریكا سەبارەت بە پێداویستی چارەسەری دیپلۆماسی و پرسی ئاڵۆزییەكان سەبارەت بە ئێران ڕێككەوتوون".

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەم بارەیەوە وتی" سەرۆك كۆمارەكانی ڕووسیاو ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتن، بەرنامەی ناوەكی ئێران و ئەوەی لە دەریای عومان ڕوویدا پێكەوە گفتوگۆیان كرد، دۆخێكی ئەستەمە؛ بەڵام دوو سەرۆك كۆمارەكە جەختیان لەوەكردۆتەوە كە بە دوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیبلۆماسی بۆ چوونە دەرەوە لەو دۆخەن.

ئەمە لە حاڵێكدایە كە (میخائیل ئولیانۆف) نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڤیەننا لە پەیامێكی تویتەریدا ڕایگەیاند: كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێككەوتن لە ڤیەننا دەتوانین باش وەسف بكەین، پێشكەوتنمان نەبوو؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە شكستیش نەبوو، هەموو بەشداربووان لەسەر بەڵێنی تەواوی خۆیان بە ڕێككەوتن سەرەڕای كێشەكان جەختیان لێكردۆتەوە.




AM:12:37:30/06/2019