فوئاد حسێن: هیچ مەترسیەك لەسەر راگرتن و بڕینی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی

فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عیراق دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ مەترسیەك لەسەر راگرتن و بڕینی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی هەرێمی‌ كوردستان نییە و دەشڵێت، "دۆسیەی‌ نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەڕوات".

فوئاد حسێن لەلێدوانێكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەسەلەی‌ ناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم پەیوەندی بەجێبەجێكردنی‌ یاسای بودجەی‌ 2019ی عیراقەوە هەیە و وەكو خۆی جێبەجێدەكرێت و ناردنی‌ موچەش بۆ هەرێم هەنگاوێكی‌ یاسایی و ئاساییە و وەكو خۆی جێبەجێدەكرێـت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "ئەوەی‌ كەباسی لێوەدەكرێت پەیوەندیی بەدۆسیەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە  هەیە كە دەبێت رۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، لەئێستاشدا لیژنەیەكی‌ هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە، بەمەبەستی‌ دانوستان و یەكلاكردنەوەی‌ مەسەلەی‌ نەوت لەنێوان هەردوولادا".

وەزیری دارایی عیراق دڵنیایی بەفەرمانبەرانی‌ هەرێم دەدات كە مەترسی بڕین و راگرتنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم نییە و بۆ پرۆژە یاسای بودجەی‌ 2020ش تائێستا وەزارەتی‌ دارایی حكومەتی‌ فیدراڵ یانزە كۆبونەوەی‌ ئەنجامداوە و چەندین پلانی تایبەت بەستراتیژیەتی‌ بودجەش ئامادەكردووە و كاری‌ لەسەر دەكات. 



PM:03:28:01/07/2019