بەشیر حەداد: بۆ ساڵی 2020 ناتوانین گرنتی ناردنی موچە بدەین

د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نیە، بەڵام بۆ 2020ناتوانین گەرەنتی بدەین.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە "دەنگی ئەمریكا"ی ڕایگەیاند: پرسی بودجە بۆ ئەم ساڵی 2019یە كەچەند مانگێكی ماوە مەترسی بڕینی نیە، چونكە ئەوە لەیاسای بودجەدا چەسپێنراوە، بەڵام ناتوانین بۆ ساڵی 2020 گەرەنتی بدەین چۆن دەبێت.

وتیشی: ئەم بڕە پارەیە دەمێنێ كەمتر یا زیاتر؟ چونكە ئەوە پەیوەندی هەیە بە بەرەوپێشچونی ئەو گفتوگۆیانە ئێستا لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە وە ئەو ڕێككەوتنانەی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەنجام بدرێت لەنێوان هەردوولادا.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتیشی: حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی دەربڕیووە بەڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام خۆ ئەگەر ڕادەستیش نەكرا ئەمە لەیاسای بودجەدا چارەسەركراوە كە لەحاڵەتێك ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو ئەوا پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەبودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و ئەوەی مایەوە دەیدرێتێ.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستاش حكومەتی عێراقی هەموو بودجەی هەرێمی نەناردووە بەڵكو پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لێ بڕیووە، ئەمەش دوبارە لەیاسا جێگەی بۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داوا دەكەین هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات تا بۆ ساڵی 2020 ئەم كێشانە چارەسەر بكات.




PM:03:28:02/07/2019