بەشیر حەداد: بەغدا لیژنەیەكی بۆ چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانییەكان پێكهێناوە

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەغدا لیژنەیەكی بۆ چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانییەكان پێكهێناوە، داواش لە هێزە چەكدارە بیانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، كێشە بۆ هەولێر و بەغدا دروست نەكەن.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان داوا لە هێزە چەكدارە بیانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، كێشە بۆ هەولێر و بەغدا دروست نەكەن و رەچاوی دۆخی ناوچەكە بكەن، چونكە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرگەی شەڕ و ناخۆشی دیكە ناگرن.

بەشیر حەداد رایدەگەیەنێت، لیژنەیەك‌ لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی پرسی ناوچە كوردستانییەكان بە چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان پێكهێندراوە و چەندین كۆبوونەوەشی ئەنجامداوە، چاوەڕان دەكرێت لە ئاییندەیەكی نزیك كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێن.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، بەغدا بە تەنیا ناتوانێت كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكات، سەقامگیری ناوچە كوردستانییەكان پێویستی بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگه و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی عێراقه.



AM:09:46:04/07/2019