حوسییەكان هێرشیان كردە سەر دوو فڕۆكەخانەی سعودییە

جارێكی دیكە حوسیەكانی یەمەن لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دوو فڕۆكەخانەیان لە باشوری سعودییە كردۆتە ئامانج، كە بۆتە هۆی ڕاگیرانی كاروباری ئەو دوو فڕۆكەخانەیە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی چەكدارە حوسیەكانی یەمەن لە تەلەفزیۆنی ئەلـمەسیرەوە كە لەدەستی حوسیەكاندایە، ڕایگەیاندووە: هێزەكانیان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دوو فڕۆكەخانەی "ئەبها و جازان"یان لە باشوری سعودییە بە فڕۆكەی (قاسف.ك2) كردۆتە ئامانج. 

وتەبێژی چەكدارە حوسییەكانی یەمەن وتووشیەتی: لەو هێرشەدا شوێنە سەربازیی و هەستیارو گرنگەكان كراونەتە ئامانج، كە بۆتە هۆی ڕاگیرانی كاروباری ئەو دوو فڕۆكەخانەیە.

ئەمە چەندەمین جارە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە هێرش دەكرێتە سەر ئەو دوو فڕۆكەخانەیە لە سعودییە، لە هێرشەكانی پێشوو چەندین كەس كوژراون و برینداربوون و گەشتەكانی ئەو دوو فڕۆكەخانەیە بۆ ماوەیەك ڕاگیران، بەڵام لەسەر هێرشەكەی ئەم دواییەدا تا ئێستا كاربەدەستانی سعودییە هیچ قسەیەكیان نەكردووە.


PM:01:42:05/07/2019