یەكێتی بەفەرمی لیستی ناوی كاندیدەكانی ڕادەستی مەسرور بارزانی کرد

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەفەرمی لیستی ناوی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بڵاوكردەوەو رادەستی مەسرور بارزانی كرد.

بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی یەكێتی، كە واژۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە، ئاراستەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كراوەو ناوی هەر 9 كاندیدەكەی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت و دەستەكانی تێدایە.

هاوکات لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند "قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕێواز فایەق بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیكراون".

دوای زیاتر لە نۆ مانگ لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان ڕێککەوتن و بڕیارە لە زووتری کاتدا دەنگ لەسەر کاندیدی پۆستە وزاریەکان بدرێت.


PM:06:43:07/07/2019