دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بە سوپاسێكی زۆرەوە بۆ ئەو متمانە گەورەیەی كە بەڕێزتان لە كۆبوونەوەی دوێنێ ی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكۆی دەنگ بەمنتان بەخشی تا یەكێك بم لە ئەندامانی تیمی پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستە وەزارییەكان بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای ئەوەی لیستی ناوی كاندیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی وەزارییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بڵاوكرایەوە و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ لەو لیستەدا نەبوو وەك پێشتر بڵاوكرابووەوە، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە.


دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە دەرباز كۆسرەت ڕەسول-ەوە

‎بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

‎بە سوپاسێكی زۆرەوە بۆ ئەو متمانە گەورەیەی كە بەڕێزتان لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٦/٧/٢٠١٩ ی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكۆی دەنگ بەمنتان بەخشی تا یەكێك بم لە ئەندامانی تیمی پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستە وەزارییەكان بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

‎ئەو متمانە بەخشینەتان، بۆ من مایەی شانازییەكی گەورەیەو لای ئێمە زۆر جێگای بایەخ و ڕێزلێنانە.

‎لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان، كە بە دڵنیاییەوە تواناو لێهاتوویی جێگای متمانە پێكردنە لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركەی كە لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێی دەسپێردرێت.
‎لەهەمان كاتدا هەموو لایەك لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە وەك هەمیشە هاوكارو پشتیوان دەبین بۆ برای خۆشەویستم كاك قوباد تاڵەبانی و تیمە وەزارییەكەمان لە كابینەی نوێی حكومەت.

‎ هەڤاڵانیشم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە بەندە وەك هەمیشە كادیری دڵسۆزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ڕێبازە پیرۆزەكەیەتی و لە هەر ئەرك و بەرپرسیاریەتییەك كە لە خزمەتی كوردایەتی و كوردستان و درێژەدان بێ بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئەوا وەك هەمیشە درێغی ناكەین و بەردەوام دەبین لە خزمەتكردن.

‎دەرباز كۆسرەت ڕەسول



PM:09:56:07/07/2019