دادگای سلێمانی هۆکاری زیادبوونی جیابونەوەی هاوسەران ئاشکرا دەکات

دادگای سلێمانی ڕایگەیاند، ڕێژەی تەڵاق لە سنوورەكەدا بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و ھۆکارەکانی ئەو کێشەیەش نەبوونی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریی خێزانی و کۆمەڵایەتییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە ڕایگەیاند" کە ھاوکاتی کێشە جۆراجۆرەکانی دیکە، کێشە خێزانیەکان و ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوەی ھاوسەران بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە، کە گرنگترین ھۆکارەکانی ئەو کێشەیەش نەبوونی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریی خێزانی و کۆمەڵایەتییە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە ئەو ھاوسەرانەن کە تازە ھاوسەرگیرییان کردووە و ئەزموونی ژیانیان کەمە و پێویستیان بە ڕێنمایی ھەیە.


ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە، ئەمڕۆ سەرۆکی دادگای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی باڵای فەتوای پارێزگای سلێمانی کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەرکی مامۆستایانی ئاینیە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە ھۆشیاری و رۆشنبیری خێزانداری بەناو ھاووڵاتیاندا بڵاو بکەنەوە و لە چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە هاوكاریان بکەن.


PM:11:14:07/07/2019