زانیاری لەسەر شەهیدبوونی سەرکردە باڵاکەی پەکەکە بڵاودەبێتەوە

سایتی "لێکۆڵین" کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە، دەربارەی شەهیدکردنی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە زانیاریی بڵاودەکاتەوە و تیایدا پاراستنی پارتی هاوکاری سەرەکی میت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ناودەبات.

ئەمڕۆ سایتی لێکۆڵین، بە زمانی تورکی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر شەهیدکردنی دیار غەریب بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "پێنجی ئەم مانگە، دیار غەریب لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی گوندەکانی بناری قەندیلدا کۆبووەتەوە، کە لە ناویاندا چەند ئەندامێکی پاراستنی پارتی هەبووە".

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە پاراستنی پارتییەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکە بووە، بە "لێکۆڵین"ی ڕاگەیاندووە: چەند ئەندامێکی پاراستن ئەرکدارکراون بە شداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکەن و زانیاری ورد بدەنە میتی تورکیا.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، دیار غەریب لە کۆبوونەوەکەدا بە هاوڵاتیانی وتووە، "بەرپرسانی باشور دەیانەوێت ئەو کۆمەڵکوژییانەی تورکیا دەیکات بیخەنە ئەستۆی پەکەکە، بۆ ئەوەش ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان- پ د ک کۆدەبینەوە"، بەوپێیە، ٥ی مانگ دیار غەریب مەوعیدی لەگەڵ شاندێکی پارتیدا هەبووە، ئەوەش لەسەر داوای پارتی بووە کە کۆببنەوە.

دوای ئەوەی دیار غەریب کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوڵاتیان جێدەهێڵێت و لەگەڵ دوو گەریلادا لە سنوورەکە دوور دەکەوێتەوە بە مەبەستی ڕۆشتن بۆلای شاندەکەی پارتی، لە کەمترین کاتدا و هەر لەو سنوورەدا دەبێتە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و لەگەڵ دوو گەریلادا شەهید دەبن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لێکۆڵین لە سەرچاوەکەیەوە وەریگرتووە، "ئەو ئەندامانەی پاراستن ناسراونەتەوە و ناوەکانیان لە بەردەستی ئەواندایە، بەڵام لە ئێستادا ئاشکرایان نەکردووە، ئەوەی جەختی لەسەر کراوەتەوە ئەوەیە، کە پاراستنی پارتی لەڕێگەی ئەندامەکانییەوە هاوکاری سەرەکیی دەزگای سیخوڕیی میت-ی تورکیا بووە لە کردەوەدا".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕووداوە کەجەکە ڕایگەیاند، "بە سیخوڕیی خیانەتی ناوخۆیی باشور هەڤاڵانمان شەهیدکراون و دەبێت سزای خۆیان وەرگرن".



PM:07:22:08/07/2019