ئەڵمانیا ناردنی هێز بۆ وشكانی ڕەتدەكاتەوە

ئەڵمانیا داوایەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تایبەت بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ رۆژئاوای كوردستان رەتكردەوە.

ئاژانسی دۆیچلە ڤیللەی ئەڵمانیا، لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەڵمانیا داواكەی ئەمەریكای رەتكردووەتەوە، بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ رۆژئاوای كوردستان "باكووری سووریا"، لەكاتێكدا واشنتن دەیەوێت لە داهاتووێكی نزیكدا هێزەكانی خۆی بكشێنێتەوە.

لای خۆیەوە شتیڤن زایبەرت، وتەبێژی حكوومەتی ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە روانگەی حكوومەتی وڵاتەكەیەتی بۆ پابەندبوون بەو رێكارانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گیراونەتە بەر، ئەوەش ناردنی هێزی زەمینی ناگرێتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیای راگەیاندبوو، پێویستە وڵاتەكەی رۆڵێكی زیاتری سەربازیی لە ناوچەكە و بەتایبەتیش سووریا "رۆژئاوای كوردستان" بگێڕێت، لەكاتێكدا واشنتن دەیەوێت لە داهاتووێكی نزیكدا هێزەكانی خۆی بكشێنێتەوە.




PM:02:51:09/07/2019