پۆلیسی سلێمانی تەقەکەرەکەی شەوی ڕابردووی دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی  ڕایگەیاند مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە شەوی ڕابردوو لەبەردەم خواردنگەیەک زیاتر لە دوانزە فیشەکی تەقاندبوو، پاشان ھەڵاتبوو .

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە "کاتژمێر 11 و 45 خولەکی شەوی ڕابردوو 9/7/2019، تۆمەتبار (ڕ، ح، م) لەبەردەم خواردنگەیەک زیاتر لە 12 فیشەکی تەقاند و ھەڵات".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "دوای ئاگادارکردنەوەی ھێزەکانی پۆلیس و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی تۆمەتبار، توانرا لە ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەراوە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر دەمانچە و ئۆتۆمبێلی تۆمەتباردا".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێستا تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


PM:02:08:10/07/2019