بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم زۆر لاوازن و لە رێگای تەکەتولی حیزبیەوە کراونەتە وەزیر، نەک لە رێگای پرۆفیشناڵی و شارەزایی.
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سپی میدیا، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" جیاوازی ئەم کابینەیە لە گەڵ کابینەکانی پێشوتر ئەوەیە کە وەزیرەکانی زۆر لاوازن و هەیمەنەی حزبی لەڕوی تەکەتول و دەستەگەریەوە بە تەواوی دەستی گرتووە بەسەری دا و پرۆفیشنالیتی و شارەزایی رەچاو نەکراوە".
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت " ئەم تێروانیە بۆ هەموو حزبەکانی بەژداربووی حکومەت راستە، نەک تەنها بۆ حزبێک، بۆیە ئەرکی بەرێز مسرور بەرزانی زۆر قورسترە لە حکومەتەکانی پێشووی خۆی. ئەمە بێجگە لە جیاوازیە ناوچەگەریی هەرێم و کێشە و قەرزە کەڵەکە بووەکانی ئەم هەرێمە. هەروەها ئەو هەموو کێشانەی کە لە ناوچەکە دا بە گشتی هەن."
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو لێدوانەی لە ڕوانگەی پەرۆشیوەیەتی بۆ هەرێم و ئەزمونەکەی هیوای سەرکەوتنی بۆ کابینەکەو هەرێم دەخوازێت.
دوێنی مەسرور بارزانی و کابینەکەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە متمانەیان پێدراو سوێندی یاساییان خوارد، لە نێویاندا شەش وەزیری یەكێتیان تێدابوو.