وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرج و رێنماییەكانی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2019 بۆ 2020ی بڵاوكردەوە و لە سەرجەم كۆلێژ و فاكەڵتی و بەشەكان سیستمی كریدیت پەیڕەودەكرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێكیدا ئاشكرایكردوە، بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2019 بۆ 2020 لە سەرجەم بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان سیستمی كریدیت پەیڕەودەكرێت و كەمترین كۆنمرەی پێشبڕكێی وەرگرتن بۆ خوێندنی بەیانیان لە كۆلێژەكان 65% دەبێت و لە پەیمانگاكان 60% دەبێت.
جەختیشكردوەتەوە، خوێندكار لە كۆلێژەكانی ئێوارانی زانكۆ حكومی و تایبەتییەكان وەرناگیرێت، كەمترین كۆنمرەیش بۆ وەرگرتن لە پەیمانگا ناحكومییەكان 55% دەبێت، ھەروەھا ئەو خوێندكارانەی دەرچووی ساڵی رابردوون و بەھۆی كەمیی كۆنمرەیان وەرنەگیراون و دەتوانن ئەمساڵ داواكاریی وەرگرتن پێشكەش بكەن.