موچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت

لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشینیازێك لەبەرژەوەندی خانەنشینان پێشكەشدەكرێت و بەگوێرەی‌ پڕۆژە پێشنیازكراوەكەش كە خشتەیەكی نوێی موچە بۆ خانەنشینان لەخۆدەگرێت، كەمترین موچە دەبێتە 800 هەزار دینار.

كۆمەڵەی خانەنشینانی عیراق پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی كەمدەرامەتان و خانەنشینان بەگشتیی، كەمترین موچەی خانەنشینی بكرێتە 800 هەزار دینارو بەرزترین موچەش 2 ملیۆن دینار بێت و بۆئەو مەبەستەش خشتەیەكی نوێی موچە دەخاتەڕوو.

میدیا عیراقییەكان، بڵاویانكردەوە مەهدی عەزیز سەرۆكی كۆمەڵەی خانەنشینیانی عیراق ڕِایگەیاندوە، "پێشنیازێك كراوە لەڕێگەی بەشێك لەپەرلەمانتارانەوە بۆئەوەی 100 هەزار دینار بخرێتەسەر موچەی خانەنشینان، ئەمەش سوكایەتیكردنێكی گەورەیە بەخانەنشینان، چونكە ئەو بڕە پارەیە ناكاتە بەشێكی كەمی ئەو خزمەتەی خانەنشینان بۆ وڵاتیان كردوە".

وتیشی "بەگوێرەی‌ یاسا هەمواركراوەكان، ئەوكەسانەی موچەكانیان 300 هەزار دینارە دەبێتە 400 هەزار كە ئەوەش جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان".

سەرۆكی كۆمەڵەی خانەنشینان ئەوەشی ئاشكراكردوە، پڕۆژەیەكیان پێشكەش بەئەنجومەنی نوێنەران كردوە كە 11 خاڵ لەخۆدەگرێت، بۆئەوەی بەگوێرەی‌ ئەو خشتەیە، موچەی خانەنشینان دیاریبكرێت، بەجۆرێك كەمترین موچە 800 هەزار دیناربێت و بەرزترین موچەش 2 ملیۆن دینار.



PM:02:12:16/07/2019