سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەفدی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە

وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران عێراق گەیشتنە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەغدا.

شاندەكە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازییان لێكرا و لە كۆبوونەوەكەشدا شاندی هەرێمی كوردستان، نیازپاكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخەنەڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیوەڕی ئەمڕۆ سێشەممە 16/7/2019 گەیشتنە بەغدا و لە سەرەتادا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونەوە و بڕیارە دوای دیدارەكەیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش كۆببنەوە.

جگە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەندامیەتی شاندەكە دەكەن.

لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ 15/7/2019 ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، كە شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاكی و گفتوگۆكردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەی دەستوور، سەردانی بەغدا دەكات.



PM:03:03:16/07/2019