بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ژمارەیەك ڕێنمایی نوێ لەسەر دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت راگەیاند و ئاماژە بەوە دەكات بەپێی ڕێنماییەكان منداڵی دووانە (جمك) نابێت هەمان جلوبەرگیان پۆشی بێت.
بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند: هاووڵاتیان ئاگاداردەكەینەوە كە لەكاتی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت پێویستە لەكاتی وێنەگرتندا لەبەردەم ئەفسەری پاسپۆرت چاویلكەی لەچاونەبێت و كاسكێت و كڵاوی لەسەر نەبێت و لەدوای نەشتەرگەری جوانكاری لەزگە بەلووتییەوە نەبێت و دەموچاویشی برینداری بەرچاوی پێوەنەبێت.
ئاماژە بەوەش دەكات: بۆ منداڵی دووانە (جمك) نابێت هەمان جلوبەرگیان پۆشی بێت و هەر هاووڵاتییەكیش تەمەنی لەخوار ساڵی 1960 ەوە بێت پێویستە كوڕ یان كچێكی لەگەڵ بێت و پێناسی باری شارستانی یان كارتی نیشتمانی پێبێت و لەكاتی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت بۆ منداڵی خوار 18 ساڵ ئەگەر باوكی لەژیاندا نەمابێت پێویستە (حجە الوصایه) ی پێبێت.
رونیشیكردۆتەوە كە هەر هاووڵاتییەك پەنجەمۆری خۆی وەرنەگیرا و پەنجەمۆری كەسی نزیكی وەرگیرابوو، دەبێت لەكاتی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكەیدا هەمان كەسی لەگەڵدابێت، هەروەها بەخێوكار دەتوانێت پاسپۆرتی منداڵەكانی لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوە وەربگرێتەوە بەبێ ئامادەبوونی منداڵەكەی.