دژە تیرۆر هێرش دەکاتە سەر بەڕێوبەری کەناڵی جەزیرە

بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی جەزیرە لە هەولێر ڕایگەیاند، هێزێک کە بە دژەتیرۆر خۆیان دەناساند هێرشیان کردەسەرم وەک ئەوەی بڵێی من هێرشەکەم ئەنجامدابێت.

ئەحمەد زاوێتی بەڕێوەبەری نووسینگەی كەناڵی جەزیرە لە هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند" ئەمڕۆ رووماڵی هێرشەكەی سەر كارمەندانی كۆنسوڵخانەی توركیامان دەكرد. دوای ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ رووداوەكەمان دەگواستەوە هێزێكی نوێ هاتن و خۆیان بە دژە تیرۆر دەناساند و داوایانكرد كۆتایی بە رووماڵەكە بهێنین".

بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی جەزیرە لە هەرێمی کوردستان وتیشی" ئێمە یەکسەر کۆتاییمان بە راستەوخۆکە هێنا، ئەوان وتیان دەبێت ئێس ئێن جییەکەش لابەین، منیش وتم لایدەبەین بەڵام تۆزێک کاتی دەوێت، یەکسەر کەوتنە پەلاماردانی ئێمە و ئۆتۆمبێلی ئێس ئێن جییەکەمان، من وتم ئەوە کاتی دەوێت تاوەکو کۆدەببێتەوە، بەڵام ئەوان بە 10 کەسەوە پەلاماریان داین وەک ئەوەی بڵێی من بووم تەقەم کردووە و من هێرشەکەم ئەنجامداوە بەو شێوەیە لێیان دەدام. لەکاتێکدا من خۆم ناساندبوو کە کێم و کارم چییە کەچی ئەوان بەبەرچاوی ئەو هەموو کەناڵە عەرەبی و نیوخۆییەوە پەلاماری منیاندا و لێیاندام".

هاوکات، تا ئێستا هێزە ئەمنییەكانی هەولێر بە فەرمی هیچ روونكردنەوەیەكیان دەربارەی هۆكاری هێرشكردنە سەر ئەو رۆژنامەنووس بڵاونەكردووەتەوە.



PM:10:11:17/07/2019