بریندارێكی هێرشەكەی هەولێر گیانی لە دەست دا و بەوەش ژمارەی كوژراوانی رووداوەكە گەیشتە سێ كەس.
لە رووداوی هێرشی ئەمڕۆی هەولێر کە لە ریستۆرانتێک ئەنجامدرا، کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا و هاونیشتمانییەک بەناوی نەریمان عوسمان کوژران، کەسێکی دیکەش بەناوی بەشدار رەمەزان بریندار بوو کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەمشەو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەو هاولاتیە خەڵكی دیانایە، پیشەی سكرتێری پزیشكە و هاوسەرگیریی نەكردووە و هەر لە دیاناش نیشتەجێ بووە، بە سەردانێك هاتووەتە هەولێر و ئەمڕۆ لەو رێستۆرانتە نانی خواردووە وبەسەختی برینداربووە، دواتر لەژێر نەشتەرگەریی و لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
دوای رووداوەكەش، هێزە ئەمنییەكان ناوچەكەیان گەمارۆداو لەڕێی كامێراكانی چاودێرییەوە دەیانەوێت ئەنجامدەرانی بدۆزنەوە.