پەرلەمانتارێكی پارتی لە ڕووماڵی ڕووداوەكەی هەولێر لەلایەن میدیاكانەوە نیگەرانە

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات پەرلەمانتارێكی پارتیە نیگەرانە لە ڕووماڵی میدیایی ‌رووداوەكەی شاری هەولێر و بە "زەنگێكی مەترسیدار"ی ناودەبات.

رێبوار بابەكەیی، پەرلەمانتاری پارتی بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە "رۆڵی هەڕەمەكی و ئەنارشیستی و نابەرپرسانە‌ هەندێك بەناو رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن كە له ‌رابردوو له ‌بەرانبەر هەندێك پرس رۆڵیان له ‌دروستكردنی ئاژاوه بینی به ‌هەمان نەفەس دوێنێ رۆڵی هەندێك لە میدیاكانی بینرا و بیسرا و دووبارە بوویەوە بەداخەوە ئەو یاسایەش‌ كەموكورتی زۆری تێدایە، هەرچەندە به ‌یاسا هەڵسوكەوتەكان دیاری كراوه،‌ بەڵام هەندێك لە میدیاكانی پابەندن نابن بە یاساكانەوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "ئەگەر رۆژنامەنووسێك لە دەرەوەی یاسا بۆ بەرژەوەندیی سیاسی كاری كرد، دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن ‌ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و یاسای لەسەر بسەپێنیت"، وتیشی "ئەو بێ سەروبەرییە له ‌بواری میدیا‌ له ‌دەرەوەی یاسا هەیە، جۆرێكە لە ئەنارشیستی دروست كردووه و‌ ناكرێت به ‌هیچ شێوەیك موجامەلەی ئەو میدیایە بكرێت لەلایەن دەسەڵاتەوه، بۆیە ئەوەی میدیا كردی لە رووداوەكەی دوینێدا زەنگێكی مەترسیدار بوو".

دوێنێ "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی ڕووداوی تەقەكردن لە جێگری باڵوێزی توركیای بڵاوكردەوە و دواتریش لە بەشێك لە میدیاكان ڕووداوەكە بەشێوازی جیاواز و زانیاری جیاواز ڕووماڵكرا.



PM:02:11:18/07/2019