حکومەتی هەرێم لەسەر کوژرانی بەرپرسە باڵاکەی قونسڵگەری تورکیا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

لەیەکەم لێدوانی حکومەتی هەرێم لەسەر لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رووداوەکە" کردەیەکی تیرۆریستی یە".

لەو راگەیەندراوە کورتەدا کە وتەبێژی نوێی حکومەتی هەرێم، جوتیار عادل بڵاویکردۆتەوە تیایدا هاتووە " رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر ، کردەوەیەکی تیرۆریستی ئامانجدار وپلان بۆ داڕێژراو بوو".

جوتیار عادل کە راگەیاندنەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوکردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ، رووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر لە رۆژی 17 ی تەمووزی 2019 کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 3 کەس ، کردەوەیەکی تیرۆریستی ئامانجدار وپلان بۆداڕێژراو بووە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن وپێشڤەچوونیش هەیە و بەم نزیکانەش هاووڵاتییان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئاگادار دەکەینەوە".

دوێنێ کاتژمێر ١:٣٠ لە ناوجەرگەی هەولێر لە ریستورانتێک هێرشکرایە سەر بەرپرسێکی قونسڵ و چەند هاولآتییەک و سێ کەس لەنێوانیشیاندا بە بەرپرسەکەی قونسڵیشەوە کوژران.




PM:07:39:18/07/2019