هەدەپە: هەدەپە هیچ پەیوەندی بە کوژرانی جێگری کونسڵی تورکیاوە نییە

نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی هیچ پەیوەندیەکی بە کوشتنی جێگری قونسڵی تورکیاوە لە هەولێر هەبێت و، دەڵێت " مەزڵوم داغ لە ھەولێر ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ھەدەپە و نوێنەرانی ھەدەپەدا نەبووە و شتەکان ئاشکران کە ھیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و بینینێک لە نێوانماندا ڕووینەداوە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لێکۆڵینەوەی خۆی بکات".

دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە” کەسێک بە ناوی مەزڵوم داغ وەک تاوانباری سەرەکی رووداوی تەقەکردنەکەی ھەولێر و کوژرانی جێگری کونسوڵی تورکیا دەستگیرکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کەسە دەستگیرکراوەکە برای دێرسیم داغی پەرلەمانتاری ھەدەپەیە".

لەبارەی ئەمەوە عابد ئیکە، نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە " مەزڵوم داغ لە ھەولێر ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ھەدەپە و نوێنەرانی ھەدەپەدا نەبووە و شتەکان ئاشکران کە ھیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و بینینێک لە نێوانماندا ڕووینەداوە و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لێکۆڵینەوەی خۆی بکات".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەش کە ئایا لە رۆژی رووداوەکەوە، ھیچ پەیوەندییەکتان لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێوە کراوە؟ گوتی " نەخێر ھیچ پەیوەندییەکمان پێوە نەکراوە، چونکە ئەم کردەوەیە کاری ئێمە نییە و سیاسەتی ھەدەپە لە باکوور و تەواوی دنیا ئەوەیە کە رەخنە لە سیستەمەکان دەگرێت و داوای دیموکراسی دەکات و نایەوێت خەڵکی مەدەنی بکوژرێن و باوەڕی بە خەباتی مەدەنی ھەیە".
لە بارەی ئەوەیش کە تۆمەتباری سەرەکی برای دێرسیم داغی پەرلەمانتاری ھەدەپەیە گوتی "ھەر کەسێک باوەڕی ئازاد و تایبەت بە خۆی ھەیە، تەنانەت لە ھەرێمی کوردستانیش خوشکێک پارتییە و یەکێک یەکێتییە و ئەوەی تر گۆڕانە و یەکێک ئیسلامییە، بۆیە ھەر کەسە و بە باوەڕی خۆی و ئەمە نابێتە کێشە بۆ پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە."

وتیشی " وەک ھەدەپە ئەم رووداوە شەرمەزار دەکەین و کوشتن لە باوەڕی ئێمەدا نییە تا ئەم سەعاتەش خوازیارین ئەو ھەواڵانەی کە بڵاودەکرێنەوە لەسەر تۆمەتبارەکە کە برای پەرلەمانتارەکەی ئێمەیە راست نەبن".



AM:12:00:21/07/2019