ئەمریکا: بەریتانیا خۆی بەرپرسە لە پاراستنی کەشتییەکانی

ئەمڕۆ 22ی تەمموزی 2019 مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە بەریتانیا خۆی بەرپرسە لە پاراستنی کەشتییەکانی.

پۆمپیۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاندووە کە دۆسیەی دستبەسەرکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی بەریتانیا لەلایەن ئێرانەوە، پەیوەندی بە شانشینی بریتانیاوە هەیە و خۆیان دەبێت کەشتییەکانیان بپارێزن.

وتیشی "ئەمریکا نایەوێت هیچ جەنگێک لەگەڵ ئێران بەرپا بکات"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا لەسەر دەستبەسەرکردنی کەشتییە بەریتانییەکە چەند هەڕەشەیەکی لە ئێران کردبوو.

رۆژی 19ی تەمموزی 2019 سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە نەوت هەڵگرێکی بەریتانی بە ناوی ستینا ئیمپێرۆیان دەستبەسەرکردووە کاتێک لە گەرووی هورمز خۆی بە بەلەمێکی راوکردندا کێشاوە.


PM:06:44:22/07/2019