هەپەگە ڕایگەیاند گەریلاکانی یەژاستار لە جۆلەمیرگ هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا و "لەو چالاکیەدا ١٣ سەرباز کوژران".
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە کاتژمیر ٠٨:٣٠ هێزەکانی یەژاستار لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگیرانەی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا، کاروانیکی زرێپۆشەکانی سوپای تورک کە لە ناوچەی چەلێی جولەمێرگ بەرەو ناوەندی جۆلەمیرگ دەچوون، لە مەیدانی شیڤا ستێرک و کانی ئۆرێ کردە ئامانج، لە چلاکییەکەدا گورز لە هەموو کاروانەکە وەشێندرا و زرێپۆشیکی جۆری کیرپی بە تەواوەتی تێکشکێندرا، هەروەها ١٣ سەرباز کوژران، دوای چالاکییەکە سوپای تورک بە پشتیوانی فڕۆکە سیخوڕییەکانی کوژراوەکانی لە ناوچەکە دوور خستەوە، یەکێنەکەی ئێمەش بە سەلامەتی گەیشتنەوە بارەگاکەی خۆیان".
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی، گردی جولەمیرگ لە مەتینان و ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگەش کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی شەو ناوچەی گۆلکا لە مەتینان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکەوە بۆردوومان کران.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر ٠٣:٠٠ دوانیوەڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک گردی جەهەنەم لە زاپ و کاتژمێر ٠٥:٠٠ی دوانیوەڕۆ، ناوچەی عادل بەگ لە ئاڤاشین و هەروەها کاتژمێر ٠٦:٠٠ بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە هەرێمی شەهید بێریتان و خنێرە لە خواکورک-یان بۆردوومان کردووە.